ئەو دەمەی گەشتم بە عومەر
وەسف و ناساندنێکی {عومەری کوڕی خەتاب} لە پەرتووکی
(ئەو دەمەی گەشتم بە عومەر)ی (ئەدهەم شەرقاوی)، ئەو پەرتووکەی خوێندنەوەی لا خۆشەویست کردم، هیوادارم هەموو تاکێک ئەم پەرتووکە بخوێنێتەوە...
پێش هەموو شت:
لە دوور ڕاهات ....
بەژن و باڵای هێندە بەرز بوو دەتگوت خزمی دارچنارە ....
هێندە پتەو بوو، دەتگوت پارچەی کەژ و کێوە ...
دەستی چەپی گاڵۆکێکی پێ گرتبوو، بۆ وەی نەبوو خۆی بە گۆچان ڕاگیر بکا، وەها دەیچەقاند بە خاکا وەک بیەوێ سوڕی زەوی بوەستێنێ ...
ڕیشی پڕ ماش و برنج .. تاڵی ڕەشی هێندە ڕەش بوو وەک ڕەشی بەردە ڕەشەکە ... سپییەکەی هێندە سپی بوو، وەک پشتەماڵی حاجییان ...
پۆشاکی هێندە کۆنە بوو دەتگوت عارەبی هەژارە ...
دەم و چاوێکی نورانی و ناوچاوی گەش، سیمای وەک گۆڕەپانی جەنگ لێ کردبوو، دەزانی بۆ؟! بریسکەی هەردوو چاوانی دەتگوت تیشکی تیژی خۆرە کاتێ لە مەیدانی جەنگدا لە شمشێری دەبان ئەدا ...
ئا لەم ڕەنگە کەم کەس هەبوو، هەموو جارێ لە وێنەی ئەو بەدی بکەی ...
هەرچی پەسن و مەدحی هەبوو نوێنەری چیرۆکێک بوون، بگرە چەند چیرۆکی جیا جیا ...
ووردە ووردە لێم نزیک بوو، گەشتە لای من، ویستم پرسیاری لێ بکەم: "قوربان تۆ کێی؟!"
بەڵام پاو و مەردی وا هەن، هێندە بە سام و هەیبەتن، مرۆی بەغیرەتی دەوێ لەلایان لێو بترەکێنێ و گفت و لفتی نو دڵی خۆی ئاشکرا کا ...
ئەویش پیاوێکی ئاوا بوو ...
بە سەرسامی لەجێگە خۆم وەک بت وەستام ...
چاوم زەق زەق سەیری سیما و باڵای دەکرد، هەزار و یەک بیر و خەیاڵ هروژمیان کردە نێو مێشکم، لەپڕ دەنگی پڕ لە سۆز و زەڵاڵی ئەو، منی بە ئاگا هێناوە ...
ــ "کاکە سڵاو!"
دەنگی وەکو سەر و سیمای بە هەیبەت بوو، بەڵام پڕ سۆز، وەکو دەنگی دایکێ ڕۆڵەی بیماری خۆی بلاوێنێ، وەکو دەنگی صەلای نوێژی بەیانی بوو ...
زۆر بەپەلە هاتمە دەنگ:
ــ "سڵاو سەرچاو!"
لێمی پرسی: "تۆ خەڵکی کوێی؟"
گوتم: "ئەزبەنی عەرەبم"
گوتی: "عەرەب لقی زۆرە، کامەیانی؟"
ــ "لەو عەرەبەم شان و شەوکەتیان نەماوە... لەو عەرەبەم سەربەرزی جارانیان نەما... لەو عەرەبەم لەسەر سفرەی ناپیاوانن، لە نانی خۆیان تێر نابن... بێ زەحمەت تۆ ناوت چییە؟"
ــ "حومەری کوڕی خەتابم ... عومەری پیاوی مەیدانم ... ئەو عومەرەم ئاهم بە گیانی نیوگیانی دادگەریدا هێنایەوە ... ئەو عومەرەم ڕێز و حورمەت و شەرەفم بۆ سیاسەت گەڕاندەوە... ئازایەتیم دا بەوانەی بێ کەس و تەنیا و بێ نەوان ... هیوام دا بەو کەسانەی هیوا بڕوا، دەستەو ئەژنۆ دانیشتبوون ... ئەو عومەرەم یەکسانیم زۆر بە یەکسانی دابەش کرد و دیل و یەخسیریش بەشیان بوو ... ئەو عومەرەم هەرچی پیاوی هەرچی و پەرچی و ناپیاو هەیە، بۆ ساتێکیش لە بەردەمما نەیانتوانی خۆ ڕاگرن ... ئەو عومەرەم بووم بە مەرگی بیری پووچی ئاغایەتی و بەرتیل و گەندەڵی و تیرۆر ... ئەو عومەرەم حکومەتم خستە سەر پێ، سوپای بەهێزم درووست کرد ... فارسم شکاند ... ئیمپڕاتۆرم جێ لەق کرد ... هاوڕی و دڵسۆزی پێغەمبەر (ﷺ) ... چی لە سەرووی دۆستایەتی پێغەمبەرە (ﷺ)، تا پیاو شانازی پێ بکات!؟!... کام نەژاد و تۆرەمەیە هێند دۆستایەتی پێغەمبەر (ﷺ) مایەی شانازی مرۆژە و خاوەن ڕێز و خۆشەویستە؟..."
بەڵێ کاکە! ئەو عومەر بوو، ئەو عومەرەی هیچ چیرۆکێکی لە پشت نەبوو، خۆی چیرۆک بوو ...
ئەو عومەرەی پرسیاری مێژووی لێ دەکرا... نەک لەبەر ئەوەی ئاگادار بوو، لەبەر ئەوەی خۆی مێژووەکەی درووست دەکرد... من لە خزمەت عومەردا بووم، بۆیە بە دەرفەتم زانی.. ویستم چیرۆک لە زاری چیرۆک ببیستم... ویستم ببم بە پەرجووناس، پەرجوو لە پەرجوو ببیستم... مەبەستیشم مێژوو نەبوو، تەنیا مەبەستم {عومەر} بوو
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق